بەشێک لەسەرکردەکانى کورد پیرۆزبایی لە جەلادەکەی خۆیان دەکەن

ئەردۆغان متمانەی ٢٥ ملیۆن هاوڵاتی لەدەستدا و جارێکیتر هەڵبژێردرایەوە، بەشێک لەسەرکردە کوردەکانیش دەمودەست پیرۆزباییان لێکرد و بە ڕابەر و سەرۆکی خۆیان ناویان هێنا، بەڵام ئەو سەرکردەیە جەلادی سەر نەتەوەی کوردە و دەستى بە خوێنی منداڵانی کورد سوورە و پێیەکانیشی هێشتا لەسەر کوردستانێکی داگیرکراو دایە.

ڕۆژی ١٤ی ئایار هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتى و پەرلەمانى تورکیا بەڕێوەچوو، بۆ یەکەمجار بە دەنگ و کاریگەریی کورد ڕێگە نەدرا ئەردۆغان لە گەڕی یەکەمدا سەربکەوێت، لە ٢٨ی ئایاردا و لەگەڕی دووەمدا ئەردۆغان بە دەنگی نیوەی دەنگدەرانى تورکیا و بە جیاوازیەکى زۆر کەم بۆ پێنج ساڵی تر سەرۆکایەتى تورکیای گرتەوە دەست.

چەند خولەکێک دوای هەلبژاردن، ئەردۆغان کەوتەوە هەڕەشەکردن لە کورد، بەشێک لەسەرکردە و لایەنەکانى باشووری کوردستان گەرچی ئەو هەڕەشانەیان بیست، بەڵام پشتیوانی و پیرۆزبایی خۆیان بۆ دووپات کردەوە.

هێشتا ئەنجامی فەرمی ئاشکرا نەکاربوو، سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی لە باشوورەوە، پیرۆزبایی خۆی نارد بۆ ئەردۆغا.

سەڵاحەدین بەهادین خۆشەویستی بۆ ئاغاکەی، چاوی لە بەرامبەر ساختەکاریی و هێرش و هەڕەشەکانی ئاکەپە کوێر کردووە و لە پەیامەکەیدا دەڵێت: ڕێکوپێکی پڕۆسەی هەڵبژاردنی تورکیا جێگەی سەرنج و عیبرەتە.

ئەمینداری یەکگرتوو، وێڕای ئەو هەموو ستەمەی کە ئاغاکەی بەرامبەر بە کورد دەیکات، لەپەیامەکەیدا  بە وشەیەکیش باسی لە کورد نەکرد، هەر نەیکرد داوا لە ئەردۆغانی بکات، تا لە پێنج ساڵی داهاتوودا چاوێک بە سیاسەتى خۆی بەرامبەر کورد بخشێنێتەوە و ئارامییەک بێنێتە کایەوە، تا زمانى گفتوگۆ و ئاشتى جێگەی شەڕ بگرێتەوە.

سەرکردەکانی کورد پیرۆزباییان لە کێ کرد؟

لەو ئەردۆغانەی، کە لە باكووری کوردستان نزیکەی ٢٠هەزار ئەندام و لایەنگریی هەدەپە و کوردی وڵاتپارێزی بەهۆی جیاوازیی سیاسییەوە لە زیندان قایم کردووە

٢٧ مانگیشە گۆشەگیرییەکی توندی لەسەر ڕێبەر ئۆجالان داناوە و ڕێگەنادات هیچ زانیارییەک لەسەری بڵاوبێتەوە و دیداری لەگەڵدا ئەنجام بدرێت.

ئەو ئەردۆغانەی کە بە سەدان کیلۆمەتری، لە خاکی باشووری کوردستان داگیرکردوە و زیاتر لە ٥٠ بنکەو بارەگای لەسەر دروست کردووە، ب بەبەردەوامی بە بەفڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومان دەکات، کە ساڵانە بەو هۆیەوە خەڵکی مەدەنی شەهید و بریندار دەبن.

ئەردۆغان لە ڕۆژئاوای کوردستانیش هەریەکە لە شارەکانی عەفرین، سەرێکانی، گرێ سپی داگیرکردووە و نزیکەى ٤٠٠ هەزار کەس بەو هۆیەوە ئاوارەبوون، بە هەزارانى دیکەش شەهید و بریندار بوون، ئێستاش ڕۆژانە و بەبەردەوامی گوند و شارۆچکە و ناوچەکانى ڕۆژئاوای کوردستان بۆردوومان دەکات.

ئەردۆغان بە هەموو ئەمانەوە نەوەستاوە، لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە و ئەورووپاش لەهەوڵی بەردەوام دایە، کە بیانخاتە ناو ڕێککەوتنێکی فراوانەوە لەدژی گەلی کورد، هاوشێوەى پەیمانى لۆزان.

بە چاوپۆشى لەو هەموو زوڵم و تاوانانە، کەچی هێشتا لەناو کورددا بەشێک لە سەرکردە و لایەنەکان، ئەردۆغان وەک ڕابەر و پێشەوای خۆیان سەیر دەکەن، ئەوەشیان نەشاردووەتەوە و لە وتارو میدیاکاندا ئەوەیان بە ئاشکرا دەربڕیوە.

ئەوەتا مونیرە عەبدولعەزیز ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەى ئیسلامیی چاو لەهەموو ئەمانە دادەخات و بەبەکارهێنانی ئاین خەڵک چەواشە دەکات و دەڵێت: گەلی تورکیا دەنگیان بەو سەرۆکە مسوڵمانەدا کە بەرگریی لە ڕەسەنایەتى گەلی مسوڵمانانی تورکیا دەکات.

دیسان لە باشووری کوردستانەوە، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم کە هەردووکیان بارزانین و پەدەکەن، هێشتا ئەنجامی کۆتایی ڕانەگەیەنرابوو پیرۆزباییان لە ئەردۆغان کرد، بەبێ ئەوەى داوای لێ بکەن، لەپرسی کورددا بۆ پێنج ساڵی داهاتوو کرانەوەیەک یان چارەسەرییەک پێش بخات.

بە لێشاو میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى پەدەکە و حزبە ئیسلامییەکانی باشوور سەرکەوتنى ئەردۆغانیان ڕاگەیاند و پیرۆزباییان ئاڕاستە دەکرد، سەرکردە و کادیرەکانیان کەوتنە شرۆڤەکردنی هەڵبژاردنەکە لەدژی گەلی کورد.

هەروەها عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی، وێڕای پیرۆزبایی لە ئەردۆغان، هیوای بۆ خواستووە سەرکەوتووبێت لە بووژانەوەی زیاتری تورکیا لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا.

بەڵام، لەگەڵ هەموو ئەو دەنگە دژە کوردانەشدا، هێشتا زۆرینەى هەرە زۆری گەلی کورد لە چوار بەشی کوردستان دژی سیاسەت و داگیرکاریی و کۆمەڵکوژییەکانی ئەردۆغانی فاشیستن و لە خەبات و تێکۆشانێکى گەورەدان، نەک هەر بۆ پێنج ساڵی داهاتوو، بەڵکو تا داگیرکەران هەبن، ئەو تێکۆشانە ناوەستێت و بەهێزتریش دەبێت.

هـ. ح

 

Comments are closed.